ڕوبە هەنار

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-10-25-15:46:00 - کۆدی بابەت: 6988
ڕوبە هەنار

ناوه‌ڕۆك

ڕوبە هەنار چییە؟

گوشراو یان شەربەتی هەنار دەکوڵێندرێت هەتا زۆر خەست دەبێتەوە و بە شێوەیەکی چوونیەکی لێ دێت و پێی دەگووترێت ڕوبە هەنار، هەرچەندە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی "molasses" بەتەواوی بەهەڵەدا دەبرێت چونکە بە واتای شیلەی شەکر "دۆشاوی شەکر" دێت، بەڵام ئینگلیزەکان بە مانای ڕوبە هەناریش بەکاریدەهێنن، لەکاتێکدا ڕەنگی ڕوبە هەنار هاوشێوەی ڕەنگی دۆشاوی شەکری شیرینی یان شەکری چەوەندەرە، ڕوبە هەنار شیرینکەرە نییە بەڵام بەهارات و تامی چێشتە و هەروەها دەتوانیت بیکەیتە ناو قاپی بچووک و لەسەر سفرە پێشکەشی بکەیت.

ڕوبە هەنار بەشێکی پێکهێنەری گرنگە لە شێوازی چێشتلێنانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە زمانی عەرەبیدا پێی دەگووترێت "دبس الرمان یان روب الرمان" و لە زمانی فارسیدا پێی دەگووترێت "rob-e-anar"، واتە گوشراوی هەناری خەستکراو، بەڵام ناوە تورکییەکەی ڕوبە هەنار "nar ekşisi" کە بە واتای "ترشە هەنار" دێت گونجاوترین ناوی ڕوبە هەنارە و ئەوە دەخاتەڕوو کە تامی ڕوبە هەنار زۆر زۆر لەوە ترشترە وەک لەوەی شیرین بێت.

کاتێک ئاوی هەنارەکە دەکوڵێندرێت تا بەشی پێویست خەست دەبێتەوە ئەو کاتە ڕەنگە سوورە ئاڵی توێکڵی دەنگە هەنارەکان لەدەست دەدات و ڕەنگەکەی دەگۆڕێت بۆ قاوەییەکی تۆخ یان ڕەشێکی تێر.

چۆنییەتی دروستکردنی ڕوبە هەنار

چوار کوپ شەربەتی هەناری %100 سروشتی شیرین نەکراو، لەگەڵ 1/3 بۆ 1/2 کوپێک شەکری سپی و دوو کەوچکی چێشت ئاوی لیمۆی سروشتی گوشراو، پاشان ئەم کەرەستانە لەناو مەنجەڵێکی دەسکداردا گەرم بکە لەسەر ئاگرێکی گەرمی مامناوەند و دەستی تێبخە هەتا شەکرەکە دەتوێتەوە و نامێنێت، دواتر ئاگرەکەی کزتر بکە بۆئەوەی گیراوەکە وردە وردە بکوڵێت بۆ ماوەی نزیکەی یەک کاتژمێر بەبێ ئەوەی سەری مەنجەڵەکە بنێیتەوە، هەتا گیراوەکە خەست دەبێتەوە و دەبێت قەبارەکەی بۆ نزیکەی یەک لەسەر چواری کوپێک کەم بێتەوە، ئەگەر 1/3ـی کوپێک شەکرت بەکارهێنا ئەوا کەمێک زیاتری پێدەچێت، دوای 45 خولەک دەست بکە بە چاودێریکردنی خەستییەکەی بۆئەوەی زۆر نەکوڵێت و بسوتێت، پاش ئەوەی بەشی پێویست خەستبوویەوە ئاگرەکەی بکوژێنەرەوە و لێیگەڕێ تا وەردە وردە سارد دەبێتەوە و دواتر بیکە ناو بوتڵێکەوە و بێ سەر بیهێڵەوە تا تەواو سارد دەبێتەوە و لە کۆتاییدا سەری بنێرەوە و بیخە ناو ساردکەرەوە.

شێوازی دروستکردنی ڕو بەهەنار بەبێ بەکارهێنانی شەکر

بەشێوەیەکی باو دروستکردنی ڕوبە هەنار لە ئاوی گووشراوی هەنار و شەکر و ئاوی لیمۆ دروست دەکرێت، هەرچەندە لێرەدا بڕیارمان داوە بەبێ شەکر دروستی بکەین و تامە ترشەکەی بهێڵینەوە، هەروەها دەتوانیت کەمێک خوێی بۆ زیاد بکەیت بۆئەوەی ڕێژەیی ترشێتییەکەی کەم بکەیتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی هەنار چوار جۆر شەکری سروشتی تێدایە، بۆئەوەی سوودەکەی زیاتر بێت و ڕوبە هەنارەکە زیاتر سروشتی بێت باشتر واییە لەکاتی دروستکردنیدا شەکری تێنەکرێت، هەروەها ئاوی لیمۆی سروشتی بۆ زیاد دەکەین وەکو ترشی پارێز بۆئەوەی زۆر بە تازەیی بمێنێتەوە و تێکنەچێت.

هەنگاوەکان

ئاوی هەنار و لیمۆکە بکە ناو مەنجەڵێکی گەورەوە، هەتا مەنجەڵەکە گەورەتر بێت باشترە چونکە هەتا ڕووبەری مەنجەڵەکە گەورەتر بێت خێراتر گیراوەکە خەست دەبێتەوە، پاشان مەنجەڵەکه بخە سەر ئاگرێکی مامناوەندە و وازی لێ بهێنە هەتا دەکوڵێت، پاشان بۆ ماوەی 30 بۆ 40 خولەک ئاگرەکەی کز بکە و با بکوڵێت، ئەو ئاوەی کە لەناویدایە وردە وردە دەبێتە هەڵم و گیراوەکە خەست دەبێتەوە، جار جار دەستی تێ بخە بۆئەوەی نەسوتێت، پێویستە قەبارەی گیراوەکە بۆ یەک لەسەر چوار کەم بێتەوه، بەم شێوەیە ئەگەر هەستتکرد خەست بووەتەوە و بڵقی لینج دروستکرد دەتوانیت لەسەر ئاگرەکە دایبگریت، پاشان وردە وردە سارد دەبێتەوە و چڕییەکەی زیاتر دەبێت و دەتوانیت لەناو ساردکەرەوەدا هەڵیبگریت.

سوودە تەندروستییەکانی ڕوبە هەنار

  • نزمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ و ڕێگەگرتن لە کەڵەکەبوون لە خوێنبەرەکاندا.
  • پاراستن لە جەڵتەی دڵ و ڕەقبوونی دەماری خوێن.
  • بەرزکردنەوەی ئاستی ئۆکسجین لە لەشدا.
  • سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکات چونکە دژە ئۆکسیدی تێدایە.
  • ڕێگەگرتن لە پەستانی خوێن و شەکرە.
  • ڕێگرتن لە قەبزی و سکچوون، هەروەها ڕیخۆڵە و کۆلۆن و سک بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.
  • ڕێگیری لە شێرپەنجە دەکات.
  • ڕێگری لە هەڵاوسانی جگەر "هەوکردنی جگەر" دەکات.
  • چارەسەری ڕۆماتیزم، ڕۆماتیود و هەوکردنی جومگەکان دەکات.
  • باشترکردنی توانای سێکسکردن.
  • بەرگری لە بەکتریاکان و ژەهراوی بوون بە کەڕووەکان دەکات.
  • دژی جمگە ئێشەیە.
  • یارمەتی دابەزاندنی کێش و نەهێشتنی قەڵەوی دەدات.
  • پێست بە گەنجی دەهێڵێتەوە چونکە نیاسین "ترشی نيكۆتينيك"ی تێدایە کە پێست لە وشکبوون دەپارێزێت.
  • لابردنی چرچ و عازەبەی هەرزەکاری.
  • وزە بۆ جەستە دابین دەکات و لە منداڵبوونی پێش وەختە دەیپارێزێت و هەروەها بەرگری لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەکات.
  • چالاککردنی ماسولکەکانی میز و ئاسانکاری بۆ کاتی منداڵبوون.
  • چارەسەری کۆکە و ئازاری سنگ.
  • یارمەتی چاکبوونەوە برینەکان و سووتان دەدات و برینی ئاوڵە لادەبات.
  • بەهێزکردنی پووک.
  • باشترکردنی تەندروستی قژ.
  • باشترکردنی بینایی.
  • پلەی گەرمی لەش نزم دەکاتەوە لە وەرزی هاویندا.
  • وەک میزپێکەرەیەک کار دەکات و رێگری دەکات لە دروستکردنی بەردی گورچیلە.
  • ڕێگری لە نەخۆشییە پەتاییەکان دەکات.
  • ئازاری سەرئێشە کەم دەکاتەوە.
  • چارەسەری مایەسری دەکات.
  • بەرگری لە نەخۆشییەکانی هەناوئێشە و سکچوون دەکات.
  • خوێنبەربوون دەوەستێنێتەوە.
  • دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C.

بەکارهێنانی ڕوبە هەنار

دەتواندرێت ڕوبە هەنار لەگەڵ زۆر خواردندا بەکاربهێندرێت لەوانە، دەتواندرێت وەکو سۆسی زەڵاتە بەکاربێت و تامێکی خۆشی هەیە کاتێک لەگەڵ زەیتی زەیتوندا وەکو سۆسی زەڵاتە بەکاردێت، هەروەها دەتوانیت وەکو ساسێکی بەتام لەگەڵ گۆشت و ماسیدا بەکاربێت و تامێکی خۆش دەبەخشێتە گۆشت و ماسییەکە، بە هەمان شێوە دەتواندرێت لەگەڵ سەوزەواتەکانیشدا بەکاربێت یان تێکەڵ بە ئاو بکرێت و وەکو گیراوەیەکی تەڕ بخورێتەوە، لە هەندێک ناوچەی کوردستانیشدا برنجی پێ لێ دەنرێت.

زیانەکانی ڕوبە هەنار

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕوبە هەنار هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی نییە، بەڵام یەک لێکۆڵینەوە نیشانی داوە کە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە مەترسیدارە چونکە لە ماوەی 30 خولەکدا لە کاتی خواردنەوەی ئاستی شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە، دەتوانیت نیو کاتژمێر دوای خواردنەوەی یەک فنجان ڕوبە هەنار بە پشکنینی ئاستی شەکری خوێنت دڵنیابیتەوە.


سەرچاوەکان



1526 بینین